وەزیری گواستنەوەی حكومەتی ناوەندی ڕایدەگەینێت، ئەو ئاوارانەی دەیانەوێت بەرەو هەرێم كوردستان برۆِن، ئەوا بەبێ بەرامبەر و بە فڕۆكە دەگوازرێنەوە.
ئەمڕۆ وەزیری گواستنەوەی عیراق پێشوازی لە سوهەیب راوی پارێزگاری ئەنبار كرد و لەبارەی رەوشی ئاوارەكانی ئەنبارەوە چەند بڕیارێكی دەركرد.
باقر جەبر زوبەیدی وەزیری گواستنەوەی حكومەتی عیراق لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی، لە پێناو خزمەتكردنی ئاوارەكانی پارێزگای "ئەنبار" لە گەڵ پارێزگاری ئەو شارە كۆبوینەوە و چەند بڕیارێكمان دەركرد.
ئاماژەی بەوەشكردووە، سەبارەت بەو ئاوارانەی ئێستا لە دەروزارەی "بزێبز"ن ئەوا لەرێگەی "پاس" ی تایبەتی وەزارەتەوە، دەگوازرێنەوە بۆ نێو پارێزگای بەغدا.
باسی لەوەشكردووە، سەبارەت بەو ئاوارانەی دەیانەوێت بڕۆن بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، ئەوا وەزارەتی گواستنەوە بەبێ بەرامبەر و لە رێگەی فرۆكەی جۆری "جامبۆ" وە دەیانگوازێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
بڕیاری گواستنەوەی ئاوارەكانی پارێزگای ئەنبار بۆ هەرێمی كوردستان لە رێگەی فرۆكەوە و بەبێ بەرامبەر، لە كاتێكدایە پارێزگاری ئەنبار رایگەیاندبوو، كە هەرێمی كوردستان ئامادەیە بەبێ "كەفیڵ" رێگە بە ئاوارەكانی ئەو پارێزگایە بدات، بێنە شارەكانی هەرێمی كوردستانەوە.
م.ر
